دەقی پەیامی پیرۆزبایی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەم چەشنەیە:
بەڕێز دکتۆر مەسعوود پزیشکیان
سەرۆککۆماری هەڵبژاردەی گەلی هێژای ئێران
السلام علیکم و رحمةالله و برکاته

بەدەستهێنانی متمانەی گشتیی خەڵک، پێش هەموو شتێک سەرمایەیەکی بەنرخی مەعنەوییە که بەسەر سەرمایە بەنرخ و ئەخلاقییەکانی پێشووتاندا زیاد بوو.
ئاشکرایە دەنگدان بە بەڕێزتان، هەڵبژاردنی ڕەوشت و وێژمانێک بوو که لە مەودایەکی کەمی پێش هەڵبژاردندا خستتانە ڕوو و ئێستا گەلی ڕێزداری ئێران لە هەموو قوژبنەکانی ئەو نیشتمانه، لە هەر چین و بۆچوونێکی سیاسی و هەر شوناسێکی ئایینزایی، زمانی و ڕەچەڵەکی، مافی ئەوەیان هەیە که چاوەڕوانیتان لێ بکەن، وەک پزیشکێک دەرد و ئازارەکانیان ساڕێژ بکەی و ڕۆچنە هیوایەکی که بە چالاکیی ئاوەزمەندانەی بەکۆمەڵی خۆیان کردوویانەتەوە، بەردەوام بەرینتر و ڕووناکتری بکەن.
بۆیه وەک بە هەل‌زانینی دەرفەتێک و بە نوێنەریی لە خوشک و برایانم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ئەو سەرکەوتنە بەنرخه لەو قۆناغە مێژووییەدا پیرۆزبایی دەڵێم، داوا لە خوای گەورە دەکەم که بەڕێزتان لە پابەندی بە حەق و دادپەروەری، که لە وێژمانی تایبەتی بەڕێزتاندا زیاتر دووپاتە دەبێتەوە، سەرکەوتووتان بکات و وڵاتە ئازیزەکەمان لەژێر تیشکی حکوومەتێک لەسەر بنەمای کارامەیی، دادپەروەری، ڕاستگۆیی و ئەخلاق، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوەییدا، داهاتوویەکی شیاوی پێشینەی شارستانییەت و ڕۆژگارێکی شایانی هاوڵاتیانی تێگەیشتوو، خۆڕاگر و هەڵکەوتەی خۆی لەپێش بێت.

وما ذلک علی الله بعزیز
عەبدوڕڕەحمان پیرانی
ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح
١٤٠٣/٠٤/١٦